تا دێت بەهای دۆلار بەرزتر دەبێتەوە

964+

توانا نەقی

دۆلار لە هەڵکشان بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی ئێواران کاتی داخستنی بۆرسە بەهاکەی دێتە خوارەوە بەڵام لە کاتی کردنەوەی بۆرسەدا زۆر به خێرایی نرخەکەی هەڵدەکشێت.

شەوی رابردوو، بەهای دۆلار بەگوێرەی بۆرسەکانی هەولێر و سلێمانی و بەغدا بێت تا کاتی داخستنی، بە 172.750 دینار مامەڵەی پێوەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەیانییەکەی کە بازاڕی دراو کرایەوە نرخەکەی لە خوار 170 هەزار بوو، لە دوای نیوەڕۆش گەیشتە 177 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.

ئەمڕۆ هەینی، بە گشتی لە سەرانسەری عێراق بازاڕی بۆرسەی دراو داخراوە، بۆیە بە دیاریکراوی نرخەکان دیار نین، ئەمەشە وایکردووە بەهای دۆلار لە فرۆشتن و کڕیندا لەلای نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو، هەتا سێ هەزار دینار جیاوازی هەبێت.

هەڵکشانی بەهای دۆلار ماوەی سێ مانگە بەردەوامە، ئەگەرچی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری لادانی پارێزگاری بانکی ناوەندیشی داوە، بەڵام نەیتوانی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار جێگیر بکات، بە پێچەوانە سەرووی 10 هەزار دینار زیاتر هەڵکشاوە.

بڕیارە هەشتی ئەم مانگە، شاندێکی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکەن، کە تەوەری سەرەکی گفتگۆی شاندەکە، جێگیرکردن و دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینارە.

نرخی دراوەکان لە بازاڕەکانی کوردستان بەم شێوەیەیە:

نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی

100 $= 172،500

نرخی دۆلار بەرامبەر تمەنی ئێرانی

100 $= 4،460،000

نرخی دۆلار بەرامبەر لیرەی تورکی

100 $= 1900