لە عێراق داوای خۆپیشاندانی فراوان دەکرێت لە دژی گرانی دۆلار

964+
هێمن بەکر

رێکخەرانی جوڵانەوەی تشرینییەکان لە پارێزگاکانی عێراق داوای خۆپیشاندانیان کردووە لە بەغدا و شارەکانی تر، دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرانبەر دینار.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی عێراق، چالاکوانەکان و رێکخەرەکانی جوڵانەوەی تشرینییەکان راگەیەندراویان بڵاوکردەوە و هانی خەڵکیاندا سبەینێ بەشداری خۆپیشاندان بکەن.

جوڵانەوەی تشرینییەکان لە ساڵی 2019 دروستبوو، لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ کە دواتر دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی لێکەوتەوە.

ئەو جوڵانەوەیە داوای کردووە، سبەینێ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت، شارەکانی دیکەش پشتیوانییان لێبکەن.

هاوکات، ئەو کەناڵ و تۆڕە میدیاییانەی سەر بە رەوتی سەدرن وا دەردەکەون کە پشتگیریان لێبکەن.

نزیکەی دوو مانگە نرخی دۆلار جێگیر نییە لە عێراق، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 175 هەزار دینار.