وێنەى کەروێشکەکانیان بڵاو کردبووەوە
ئەو کەسانەى کەروێشکەکانیان راوکردبوو دەستگیرکران
964+
ژوولی عەدنان
چوار راوچى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى وێنەى خۆیان و ئەو کەروێشکانەیان بڵاو کردبووەوە کە راویان کردبوون، بەڵام ئەمە بوو بە بەڵا بۆیان و پۆلیس دەستگیرى کرد.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـى وت،” دوای ئەوەی چوار هاووڵاتی لە سنووری قەزای سەیدسادق هەستابوون بە راوکردنی کەروێشک و پاشان وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبۆوە، لە لایەن بەشی پۆلیسی دارستانی سەیدسادق دەستگیر کران و روبەڕووی یاسا کرانەوە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەو کەسانە بۆ حەزی خۆیان وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردبوەوە.
جەختیش دەکاتەوە، تاوانبارەکان ناتوانن نکۆڵى لە کارەکەیان بکەن، چونکە خۆیان وێنەکانیان بڵاوکردووەتەوە.
” تۆمەتباران رووبەرووی یاسا کراونەتەوە و سزای راوکەران بەپێی ئەو ئاژەڵەی راویانکردووە جیاوازە بۆ نموونە سزای راوکردنی کەڵە کێوی و بزنە کێوی 10 ملیۆن دینارە، بەڵام سزای راوکردنی کەروێشک کەمترە”، هێمن کەمەرخان واى وت.