بەڕێوەبەرى زیاتر لە 100 قوتابخانە
لە رانیە پڕۆژەى بریتش کاونسڵ رەتدەکەنەوە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرى زیاتر لە 100 قوتابخانەى سنوورى پەروەردەى رانیە کۆبوونەوە و واژۆیان کۆکردەوە بۆ رەتکردنەوەى پڕۆژەى بریتش کاونسڵ.
مامۆستا نەجمەدین عەلى، بەڕێوەبەرى قوتابخانەى قەندیلى بنەڕەتى لە حاجیاوا بە 964ـى وت،” دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى زیاتر لە 100 قوتابخانە و خوێندنگەى سنوورى بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى رانیە، هەستاین بە کۆکردنەوەى واژۆ بۆ رەتکردنەوە و کارپێنەکردن بە پڕۆژەی (پەرەپێدانی تواناکان- بریتش کاونسڵ)”.
وەک باسى دەکات، سەرەڕای نالەباری و سەختی گوزەرانی مامۆستایان و کۆی کۆمەڵگە لەم دۆخە نالەبارەى هەرێمی کوردستان، سەختتریش دۆخی پەروەردە و قوتابخانە و خوێندنگاکانە، کە لە نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتاییدا رۆژگارەکانی تێدەپەڕێنێ، ناکرێ لەبری خەمخواردنیی جددی بە پڕۆژەیەکی وەرگیراو و ناپێویستەوە، مامۆستایان سەرقاڵی رۆتیناتى سەدبارەی بێئەنجام و کارپێنەکراو بکرێن.
جەختیش دەکاتەوە، هەر بۆیە تێکڕای ئامادەبوان واژۆیان بۆ پابەندنەبوون بە جێبەجێنەکردن و رەتکردنەوەی کۆی پڕۆژەکە کۆکردەوە.
داواش لە هاوپیشەکانیان لە سنوورى سەرجەم بەڕێوەبەرێتییەکانى دیکە پەروەردە دەکات، هەمان هەڵوێستی رەتکردنەوەی پڕۆژەکەیان هەبێت و راستەوخۆ کارپێنەکردنی لای خۆیانەوە بڕیار لێبدەن.
پڕۆژەى پریتش کاونسڵ یان پەرەپێدانى تواناکان، لە ساڵى 2019ـەوە لە قوتابخانە حکومییەکانى هەرێم دەستى بە جێبەجێکردن کردووە و ئەرکى مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکان دیارى دەکات.
وەک ئەوەى نەجمەدین عەلى باسى دەکات، ساڵانێکە لەسەر کاغەز ئیش لەسەر پڕۆژەکە دەکرێت، هەلومەرجى گونجاو لە بار بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە نەخراوەتەڕوو.