پلاسخارت لە ئەنجومەنی ئاسایش باسی ناکۆکی یەکێتی و پارتی دەکات

+964
عادل کانەبی

جێنین پلاسخارت لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان باسی لە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کرد و جەختی لەوە کرد کە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوێنەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین هێنیس پلاسخارت، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو رێکخراوە راپۆرتێکی پێشکەشکرد لەبارەی رەوشی عێراق.

لەو وتارەکەدا باسی لەوەکرد “بەداخەوە هێشتا دووبەرەکی لە نێوان حزبە دەستەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە”.

لەبارەی هەڵبژاردن و کێشە ئیدارییەکان، پلاسخارات داوایکرد کە بە زووترین کات کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حزب کۆتایی پێبهێندرێت و لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێکبکەون.

لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی عێراق کە ناردنی 200 ملیارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان راگرت، پلاسخارت وتی ”هیوادارم ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی نەبێتە رێگر لە بەردەم دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023.

بە قسەی ئەو، عێراق ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

شایەنی باسە کە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوە ماوە راپۆرتی خۆی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەبارەی رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق.