رۆژی دووشەممە
هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت
964+
شۆڕش قادری
رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، “بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، 2.12.2024 یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت”.
لە یەکەم دانیشتندا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بانگی بەتەمەنترین ئەندام دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی دانیشتنەکە، ئەم سەرۆکە ئەرکەکەی دیاریکراوەو سەرپەرشتی سوێندخواردن و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەکات، لەم خولەدا محەمەد سلێمان محەمەد سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ بەتەمەنترین ئەندامە (76 ساڵ) ئەو دەبێتە سەرۆک، نازاندرێت ئەمە بە رێکەوت روویداوە، یان نەوەی نوێ بە مەبەست ئەو کاندیدێکی بەتەمەنی داناوە لەسەرەی لیستەکەی تا ئەو دانیشتنە بەڕێوە ببات.
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا وردو درشتی بەڕێوەچوونی کاری پەرلەمانی هەیە، هەندێجار پێوەی پابەند دەبن و هەندێجاریش وا ناکەن.
ئەگەر بەپێی ئەو پەیڕەوە بێت ئەبێت لە یەکەم دانیشتدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێندرێت، بەڵام چەند جارێکی تر پەرلەمان خۆی توولەڕێی بۆ دەربازبوون لەمە دۆزیوەتەوە، وەک ئەوەی دانیشتنی یەکەم بە کراوەیی دەهێڵنەوە تا لە ماوەی چەند مانگێکدا لایەنەکان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی و باقی پۆستەکانی تر دەسازێن.