لە دهۆک ئاگر کەوتەوە
30 كەس لە خنكان و تەنگەنەفەسی رزگار كران
964+
هێڤی دێوالی- دهۆک
بۆردی کارەبای یەکێک لە باڵەخانەكانی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە شاری دهۆک سووتا و ئاگرەکە کۆنتڕوڵ کرا، بەڵام دووكەڵێكی زۆری بەناو باڵەخانەكەدا بڵاوكردەوە و بەرگریی شارستانی 30 كەسیان لە مەترسی خنكان رزگار كرد.
ئاگرەكە نزیک کاتژمێر 10:35 ئەمشەو لە یەکێک لە باڵەخانەکانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی زەری لاند كەوتەوە، كە بۆردی کارەبای باڵەخانەكە سووتا، بەڵام لەلایەن تیمەكانی ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵ کرا.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگریی شارستانی لە پارێزگای دهۆک بە 964ی وت، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتێک لە ناو بۆردی کارەبای شوێنەكە دروست بوو، بەڵام تیمەكانی ئاگرکوژێنەوە بە زوویی کۆنتڕۆڵیان كرد.
وتیشی، لە باڵەخانەکەدا بەهۆی بوونی دووكەڵ، زیاتر لە 30 کەس بەهۆی مەترسی خنكان و تەنگەنەفەسی لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە رزگار کران و زیانی گیانی نەبوو، تەنیا زیان بە کارەبای پڕۆژەكە كەوت و پچڕاوە.
ئەو پڕۆژەی ئاگری لێكەوتەوە، دەکەوێتە گەڕەکی زەری لاند لە رۆژئاوای شاری دهۆک.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا