لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی سەردانیكردنی نەخۆشی دڵ زیادیكردووە
بەشی بوژاندنەوەی دڵ پڕبووە و شوێن نەماوە
لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی سەردانیكردنی نەخۆش زیادیكردووە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی سەردانیكردنی نەخۆش زیادی كردووە و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکە ناچارن بۆ كۆنتڕڵكردنی دۆخەكە، تەخت و قەرەوێڵەی بەشی قەستەرەی دڵ بۆ بوژاندنەوەی دڵ بەكاربهێنین.
د.دانا محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەموو ساڵێك لەگەڵ دەستپێكی وەرزی سەرمادا، بەشی بوژاندنەوەی دڵ كێشەی شوێنی مانەوەی بۆ دروست دەبێت، لەبەرئەوەی بەگشتی لە وەرزی سەرمادا نەخۆشی دڵ زیاد دەكات و رێژەی سەردانیكردنی نەخۆشانی دڵ زیاد دەكات”.
“پێشتر هەموو رۆژێك شەش تەختی مانەوە لە نەخۆشخانەکەمان بە بەتاڵی دەمایەوە، بەڵام ئێستا هۆڵی بوژاندنەوەی دڵ پڕە لە نەخۆش و شوێنی مانەوەمان نەماوە، بۆیە ناچارین، تەخت و قەرەوێڵەی بەشی قەستەرەی دڵ بەكاربهێنین”، دانا محەمەد وای وت.
ئەو دكتۆرە دەربارەی هۆكاری زیادبوونی نەخۆشییەكە لەم وەرزەدا وتی، ئەو نەخۆشانەی سستی ماسولكەی دڵیان هەیە، كە پەتایەك دەگرن ئاو دەچێتە سییەكانیان، هەروەها سەرما هۆكارێکە بۆ تەسكبوونەوە و گیرانی خوێنبەرەكانی دڵ و توشبوون بە جەڵتەی دڵ.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ دووشەممە 25.11.2024 هەزار و 368 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی دڵی سلێمانیان كردووە، لەو رێژەیە 323 كەس قەستەرەی دڵی بۆكراوە، 140 كەسیش شەبەكەو باڵۆنی بۆ دانراوە، 34 نەشتەرگەری دڵ (فەتح سەدر) یش كراوە و 11 كەسیش لە نەخۆشخانەكە گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری