لیستەکە رۆژنامەیەکی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە
دواهەمین هەناری دونیای بەختیار عەلی لە لیستی باشترین سەد کتێبی سەدەی 21 دایە
964+
ژێوار خدر
رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی روماننووسی کورد، بەختیار عەلی لە لیستی باشترین سەد کتێبی سەدەی 21 دایە بەپێی لیستێک کە رۆژنامەی نیو زیورخیشەر تزایتونگی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە.
بەختیار عەلی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسینێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بە بۆنەی نزیکبوونەوەمان لە تێپەڕاندنی چارەکە سەدەیەک لە سەدەی بیست و یەک، رۆژنامەی نیو زیورخیشەر تزایتونگی ئەڵمانی، لیستی باشترین 100 سەد کتێبی سەدەی 21 ی لە بوارەکانی ئەدەبیات و مەعریفەدا بڵاوکردەوەتەوە.
دەشڵێت، “جێگای شانازییەکی گەورەی ئێمەیە، بڵێین (دواهەمین هەناری دونیا) لە ناو سەدان هەزار کتێب و دەیان هەزار نوسەری دونیادا، شوێنی خۆی لە ناو سەد باشترین کتێبی سەدەی بیست و یەکی دونیادا کردۆتەوە”
روونیشیکردووەتەوە، هەڵبژاردنەکە بۆ سەد باشترین کتێبە، نەوەک سەد باشترین رۆمان، واتە کێبڕکێکە دەیانجار فراوانتر و سەختترە لەوەی تەنیا کێبڕکێی رۆمانەکان بێت لەگەڵ یەکدا، بەڵکو پابەندی سەرجەم چالاکییە مەعریفی و فیکرییەکانی مرۆڤە”.
رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر هەر یەک لە زمانەکانی: ئەڵمانی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئیتالی، فەرەنسی و ئینگلیزی.