لە پڕۆسەی سەرژمێریدا
بەرپرسی خانەی بەساڵاچووان دەبێتە سەرۆک خێزانی دنیادیدەکان
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە پڕۆسەی سەرژمێریدا کاتێک بژمێرکان سەردانی ماڵەکان دەکەن، یەکێک لە پرسیارەکانیان پەیوەستە بە تۆمارکردنی ناوی سەرۆک خێزانەکان، بەڵام لە خانەی بەساڵاچوان، بەرپرسی خانەکە دەبێت بە سەرۆک خێزان و ناوی ئەندامانی خانەکەی لەسەر تۆمار دەکرێت.
شیرین عەبدولجەبار بەرپرسی خانەی بەساڵاچوان لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، “خانەکەمان لە پڕۆسەی سەرژمێریدا بێبەش نەبوو و ئەوانەی لێرە دەژین وەک دایک و باوکمن”.
“لە کاتی بەڕێوەچوونی قۆناغی یەکەم و دووەمی سەرژمێری گشتییدا بوومە دایکی 26 کەسی بەساڵاچوو کە تەمەنیان زیاترە لە 60 ساڵ و لەسەر ناوەکەم تومارکران”، شیرین عەبدولجەبار وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ژمارەیە 11ـیان ژن و 15 کەسیشیان پیاون.
ئەوەشی خستەڕوو، لەخانەی بەساڵاچوان بەپێی تەمەنێکی دیاریکراو خەڵک وەردەگرن، واتە ژنەکان دەبێت تەمەنیان زیاتر بێت لە 55 ساڵ و پیاوەکانیش لەسەروو 60 ساڵەوە بن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری