"دوو ئاسکیان راوکردبوو"
لە چەمچەماڵ پێنج راوچى بە تاقم و تفەنگەکانیانەوە دەستگیر کران
964+
شۆڕش قادری
لە سنووری چەمچەماڵ پێنج راوچی بە تاقم و تفەنگەکانیانەوە دەستگیرکران کە ئاژەڵی کێوی و ئاسکیان راوکردبووە.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “لە ئێستادا دیاردەى راوکردنى ئاژەڵە کێویەکان لەلایەن راوچیەکانەوە لە زۆرێک لە سنورەکان دووبارە دەبێتەوە، بۆیە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی دارستان بەشێوەی مەفرەزەی گەڕۆک و خاڵی چاودێر بەچڕی و بەوردی چاودێری سنورە شاخاویەکان دەکەن و هەر راوچییەک دەستگیربکەن، رووبەڕوى یاسای دەکەنەوە” .
ئاشکراشیکرد، ئاسایشى رۆژئاواى سلێمانى پێنج راوچیان دەستگیر کردووە و رادەستى مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستانى چەمچەماڵیان کردوون.
“راوچییەکان ئاژەڵی کێوی و دوو ئاسکیان راوکردبوو، بەڵام بەهۆى تێکچوون، گۆشتى ئاژەلەکان لەناوبران”، هێمن کەمەرخان وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو راوچییانە، سێ چەکى کڵاشینکۆف و 200 فیشەکى کڵاشینکۆف و پێنج مەخزەن و یەک چەکى تاپڕ و حەوت فیشەکى تاپڕ و یەک دەمانچەو 14 فیشەک و سێ چەقۆ و سێ لایت و حەوت مۆبایل و یەک ئۆتۆمبێل، دەستیان بەسەرداگیراوە.
وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وتیشی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ راوچییەکان کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراون بەمەبەستی رێکاری یاسایی.