زۆری بارهەڵگرەکان هۆکارە

جارێکی تر پردەکەی رێگەی کۆیە – هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و رێگەوبانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 2024.11.23، پردەکەی رووباری کۆیەیان لە رێگەی کۆیە – تەقتەق نۆژەنکردەوە، بورغو و جۆینە خراپەکانی پردەکەیان گۆڕی و لەحیمیشیان بۆ پارچە شکاوەکان بەکارهێنا.

دوای ئەوەی چەند جارێک لە لایەن رێگاوبانی کۆیە و خێرخوازانەوە پردەکە نۆژەندەکرایەوە، بەڵام بە هۆی زۆری هاتوچۆی بارهەڵگرەکان و دروستبوونی لۆد لەسەر پردەکە، چاککردنەوەکان زۆری نەدەبرد و وەک خۆی لێدەهاتەوە.

ئارام عەلی، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری نۆژەنکردەوەکە، بە 964ـی وت “بەشێکی زۆری بورغووەکان و جۆینەکانی پردەکەمان گۆڕی، لەحیمیشمان بۆ بەشێک لە پارچە شکاوەکان بەکارهێنا”.

وتیشی، لە بنەڕەتدا ئەو پردە بەرگەی ئەو بارە زۆرە ناگرێت، کە ئەو بارهەڵگرانە بەسەریدا دەڕۆن، جار هەیە چوار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە لە یەک کاتدا لەسەر پردەکەن کە ئەوەش پاڵەپەستۆی زۆر دروستدەکات بۆ پردەکە.

درێژی پردەکە نزیکەی 100 مەتر دەبێت، پارچەکانی هەمووی ئاسنە، زۆری تەمەنی و هاتوچۆی زۆری ئۆتۆمبێلی گەورە وایکردووە زوو زوو کێشەی دروستبێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

هەززەی کۆیە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە شکڵ گۆڕاوەکان دەکات

هەززەی کۆیە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە شکڵ گۆڕاوەکان دەکات