بەراورد بە ساڵانی رابردوو
لەنەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی رێژەی منداڵی نەبەكام زیادیكردووە
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی دەڵێت :ئەمساڵ منداڵی نەبەکام زۆرترە و لە 10 منداڵ دووانیان بە نەبەکامی لەدایک دەبن.
ئەڵوەند رەفیق، بەڕێوەبەری بەشی نەبەكام لەنەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، “ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو رێژەی منداڵی نەبەكام زیادیكردووە بەجۆرێك ئاستی ستانداردی جیهانی تێپەڕاندووە و رێژەكەش لەبەرزبوونەوەدایە”.
ئەو بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ منداڵانی نەبەكام وتی، ” لە ئاستی ستانداردی جیهانی لە هەر 10 منداڵێك تەنیا منداڵێك بە نەبەكامی لەدایك دەبێت و ئەو رێژەیەش لە جیهانیشدا لەبەرزبوونەوەدایە، بەڵام لای خۆمان رێژەكە بۆ نزیكەی دوو منداڵ زیادیكردووە”.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشی نەبەكامی نەخۆشخانەكە زۆرترین رێژەی منداڵی نەبەكام وەردەگرێت و یەكەمە لەسەر ئاستی عێراق، 53 بێدی شوشە، 48 خاڵی ئۆكسجین، 13هەناسەدانی دەستكرد(سیپاپ)، 2 ئامێری هەناسەدانی دەستكردی پێشكەوتوو (ڤینتی لەیتەر) لەخۆدەگرێت و بەهۆی پێشكەوتوویی ئەو ئامێرانەشەوە رێژەی مردن لەناو منداڵانی نەبەكام كەمیكردووە.
پێداچوونەوە – ژوولی عەدنان