بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و جێبەجێ کردنیان
هەموو یەکشەممەیەک پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی کەرکوک چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵکدا دەکەن
964+
ژێوار خدر
شارەوانی کەرکوک بەرنامەیەکی داناوە و رۆژێکی هەفتەی دیاریکردووە، کە سەرۆکی شارەوانی و پارێزگاری شارەکە لەناو بینای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی دادەنیشن و گوێ لە داواکاری هاوڵاتییان دەگرن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن.
عەدنان رەشید، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی کەرکوک بە 964ـی وت، هەموو رۆژانی یەکشەممە، پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی شارەوانی چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵکی شارەکە دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن.
وتیشی “داواکارییەکان لە بوارەکانی خزمەتگوزاری گشتی و ئەو بابەتانەیە کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە فەرمانگەکانی شارەکەوە هەیە”.
روونیشیکردەوە، زۆرکات جگە لە داواکاری بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان، داواکاری کەسیش دێتە بەردەممان و کەسانێک هەن پێویستییان بە پاڵپشتی داراییە لەوێوە داواکارییەکەیان پێشکەش دەکەن و بەپێی پێویست بۆیان جێبەجێ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، هاوڵاتییان سەرجەم رۆژەکانی هەفتە سەردانی شارەوانی دەکەن بۆ راییکردنی مامەڵە ئاساییەکانی رۆژانەیان، بەڵام رۆژی یەکشەممە بەدیاریکراوی رۆژی چاوپێکەوتنە بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی شارەوانی و پارێزگاری کەرکوکەوە.