لە چەمچەماڵ و حاجی ئۆمەران
لە دوو رووداوی هاتوچۆدا چوار کەس بریندار بوون
964+
شۆرش قادری
لە دوو رووداوی هاتوچۆدا لە چەمچەماڵ و حاجی ئۆمەران چوار کەس بریندار بوون.
موحسین تەحسین وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر ئاگادارکراینەوە لە هەبوونی رووداوێکی ھاتوچۆ لە جۆری لێکدان لە سەر رێگای حاجی ئۆمەران”.
وتیشی، “رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی هۆندا ئەلێنترا و تۆیۆتا لاندکرۆزەر (مێکزەمینی) روویداوە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون”.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران داوایشی لە شۆفێران کرد، خێرایی کەم بکەنەوە و پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
هەر دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 23.11.2024 لەسەر رێگای نێوان چەمچەماڵ – سلێمانی، نزیک وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ، تەکسییەک وەرگەڕا و کەسێک بریندار بوو.
لە رووداوێکی تریشدا لەسەر رێگای دەربەندیخان – زەڕایەن، پیکابێک بە بارێک پیازەوە وەرگەڕا و پیازەکان بەسەر شەقامەکدا بڵاوبوونەوە.