شۆفێران ئاگادار بن
كامێراكانی تۆمارکردنی خێرایی لە رێگای تاسڵوجە – چەمچەماڵ دەکەونەکار
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
كامێراكانی تۆمارکردنی خێرایی لە رێگای تاسڵوجە – چەمچەماڵ ئامادەی كاركردنن و بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت، لە رۆژی یەكشەممەوە وەك تێست دەكەونەكار.
عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی وت، “لە پلان و بەرنامەدایە، لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 24.11.2024 كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵی رێگای تاسڵوجە – چەمچەماڵ بكەونەکار”.
“سەرەتا بۆ ماوەی سێ رۆژ وەكو تێست دەكەونەكار و دوای ئەو سێ رۆژە، سەرپێچییەكان هەژمار دەكرێن”، ئاسۆ محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەگشتی خێرایی ئۆتۆمبێل لە رێگای تاسڵوجە بۆ چەمچەماڵ بە 100 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دیاریكراوە، تەنیا لە ناو شارۆچكەی تەكییە خێراییەكە بۆ 60 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا كەمدەبێتەوە و پێویستە شۆفێران پابەندی ئەو خێراییە بن.
رێگای تاسڵوجە بۆ چەمچەماڵ بە 28 كامێرای خاڵ بۆ خاڵ كۆنتڕۆڵ كراوە، لە هەردوو سایدی رۆیشتن و هاتن، بەجۆرێك هەر سایدێك 14 كامێرای تێدا جێگر كراوە کە لە نزیك بازگەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات و كۆتا خاڵیش بازگەی بانی مەقان دەبێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری