بڕیارێک لە حکومەتی عێراقەوە
قەدەغەی هاتوچۆ کرێ رۆژانەکەی ژمارەیەک فەرمانبەر راناگرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
لە دوو رۆژی قەدەغەی هاتوچۆ “کە بەهۆی سەرژمێرییەوەیە” حەقدەستی ئەو کەسانە راناگیرێ، کە بەکرێی رۆژانە لە دام و دەزگاکانی حکومەتی عێراق کار دەکەن.
بڕیارەکە هی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانیی یە و وەکخۆی کرێی ئەو دوو رۆژەشیان پێ دەدرێت.
لە بڵاوکراوەیەکدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 20.11.2024 نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، بڕیاریداوە بەپێدانی کرێی ئەو کەسانەی کە بەشێوەی رۆژانە کاردەکەن لە دام و دەزگاکانی دەوڵەت، بۆ رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە حەقدەستیان پێ دەدەرێ گەرچی لە ئەرکدا نەبوون.
لە سەرژمێریشدا هەر قەرار لە دەستی تۆدایە
حکومەتی عێراق، جگە لە دامەزراندنی هەمیشەیی، ماوەیەک هانای بۆ گرێبەست برد بۆ پڕکردنەوەی راژە و کەمی فەرمانبەر لە دام و دەزگاکانی دەوڵەت، دواتر ژمارەیەک لەو گرێبەستانە کران بە فەڕمی، ئێستاش زۆرێک کەس هەن لە بەشەکانی کارگێڕی و خزمەتگوزاری بە کرێی رۆژانە کار دەکەن، ئەگەر رۆژێک نەچن کرێکەیان بۆ ئەژمار ناکرێ.
رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە بەهۆکاری سەرژمێری، لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دوو رۆژ پشووی فەڕمی راگەیەندراوە، بڕیارە رۆژی شەممە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی تاکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەی خێزان و ژمارەی رەگەزی نێر و مێ بڵاوبکاتەوە بەبێ ناوچە جێناکۆکە کوردستانییەکان.