کیشەی خراپی هێڵێ ئینتەرنێتیشییان هەیە
تۆمارکردنی ناوی کوردانی تاراوگە کاری بژمێرەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕینی هێواش کردووەتەوە
964+
ژێوار خدر
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پڕۆسەی سەرژمێریکردنی دانیشتووانی عێراق دەستیپێکرد و لە سنووری ئیدارەی راپەڕینیش لەلایەن چەندین تیمەوە ناوی دانیشتووانی ناوچەکە تۆمار دەکرێت، بەڵام خاوی لە پڕۆسەی ناو تۆمارکردنەکەدا هەیە و بەقسەی یەکێک لە سەرپەرشتییارەکانی تیمەکە بەهۆی تۆمار کردنی ناوی کوردانی تاراوگەوەیە.
گوڵستان حەسەن، سەرپەرشتییاری تیمێکی گەڕانە لە رانیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خێزانەکانی سنووری دەڤەری راپەڕین بەشێکی ئەندامانی خێزانەکانییان لە دەرەوەی وڵات دەژین، رێگە نادەن تیمەکانمان بێ تۆمارکردنی ناوی ئەو ئەندامانەی خێزانەکەیان ماڵەکانییان جێبهێڵێن.
وتیشی، خێزانی وا هەیە زیاتر لە چوار بۆ پێنج ئەندامی لە دەرەوەی وڵاتە و داوامان لێدەکەن هەموویان تۆمار بکەین، ئەمەش وایکردووە کارەکانمان زۆر هێواش ببێتەوە و زۆربەی بژمیرەکانمان نەتوانن لەکاتی خۆیدا یاخود لە کاتێکی درەنگتردا ئەو بلۆگانەی بۆیان دەستنیشانکراوە تەواوی بکەن.
روونیشیکردەوە، یەکێکی تر لە کێشەکانی تیمەکانیان لاوازی هێڵی ئینتەرنێتە و زۆرجار ئەو داتایانەی تۆماری دەکەن بەهۆی لاوازی هێڵی ئینتەرنێتەوە خەزن نابێت و کێشەیان بۆ درووست دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، ناچارن بەشێک لە ئەندامانی تیمەکە هاوکاری یەک بکەن و ئەوانەی کە ئەمڕؤ کارەکانییان تەواو کردووە، هاوکاری ئەرو ئەندامانە دەکەن کە کارەکانیان تەواو نەبووە.