پرسیارە وردەکان دەمێنن
سەرژمێری ئەمڕۆ و سبەی کۆتایی نایەت و قۆناغێکی دیکەی ماوە
964+
شۆڕش قادری
پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان ئەمڕۆ و سبەی کۆتایی نایەت و قۆناغێکی دیکەی ماوە.
هەرچەندە هاوڵاتیان چاوەڕێی بوون ئەمڕۆ و سبەینێ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کۆتایی بێت، بەڵام د. دڵزار حەمەساڵح بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر بە 964ـی وت، “پڕۆسەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم لە 16 بۆ 19ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، قۆناغی دووەم ئەمڕۆ و سبەینێیە و قۆناغی سێیەم و کۆتاییش لە 22ـی ئەم مانگەوە بۆ 10.12.2024 بەڕێوەدەچێت”.
روونیشیکردەوە، لە قۆناغی یەکەمدا ناو و ئەندامانی خێزان و سەرۆک خێزانەکان تۆمار کراون، لە قۆناغی دووەمدا راستی و دروستی پرسیارەکانی قۆناغی یەکەم پشتڕاست دەکرێنەوە و لە قۆناغی سێیەم و کۆتاییشدا پرسیارە وردەکانی پەیوەست بە ناوماڵ و خێزان لە هاوڵاتیان دەکرێت.
سەبارەت بە دووبارە گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ شوێنەکانی خۆیان لە قۆناغی سێیەمدا، دڵزار حەمەساڵح وتی، “دەبێت هاوڵاتیان لە قۆناغی کۆتاییشدا لە شوێنەکانی خۆیان ئامادە بن، چونکە بژمێڕەکان فۆڕمی خێزانیان بۆ پڕ دەکەنەوە”.
بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە قۆناغەکانی یەکەم و دووەم لەکاتی خۆیاندا کۆتاییان هاتووە، بەڵام مەرج نییە قۆناغی سێیەمیش لە کاتی خۆیدا تەواو ببێت و ئەگەر هەیە کاتەکەی درێژ بکرێتەوە.
27 ساڵە لە عێراقدا پڕۆسەى سەرژمێرى ئەنجام نەدراوە و دواینجار پڕۆسەى سەرژمێرى ساڵى 1997 بوو کە ئەوکات دانیشتووانى عێراق، بەبێ هەرێم 19 ملیۆن و 184 هەزار 543 کەس بوو.
یەکەم سەرژمێری گشتیى لە عێراق ساڵی 1934 ئەنجامدرا، ئەوکات ژمارەی دانیشتووانەکەی سێ ملیۆن و 380 هەزار کەس بوو.