"ئەمڕۆکە پیاو بەدەست ژن و ژیانەوە ماندووە"
لە رۆژی جیهانیی پیاواندا هاوڵاتیان رای جیاوازیان هەیە
964+
دەشتی عارف – هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 19.11.2024 رۆژی جیهانیی پیاوان بوو و بەقسەی بەشێک لە هاوڵاتیان، ئەمڕۆکە پیاو هێند ماندووە کە تام و چێژ لە ژیان نابینێت تا لە رۆژەکەی ببینێت.
بوخاری جەمیل کاندیدی دەرچوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە 964ـی وت، “ئەمڕۆکە پیاو بە دەست ژن و ژیانەوە ماندووە و ناحەقییەکی زۆری بەرامبەر دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەند کەیسێکی بینیوە لە دادگاکان و پیاو هەبووە لەبەردەم دادگا دەستی بە گریان کردووە، لەبەرامبەریش هەندێک لە ژنان لێیان دەدرێت لەلایەن هاوسەرەکانیان و ئەوەش غەدرە لە ژنان دەکرێت.
هاوکات ئامینە خدر هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەولێر داوای لە ژن و پیاوان کرد، تەبا بن پێکەوە و ژیانی خۆیان بە بابەتی لابەلا نەشێوێنن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری