گەشتیاری عەرەبن
پاسێک بەبێ شۆفێر رۆیشت و شۆفێرەکەی كەوتووەتە ژێری و گیانی لەدەست دا
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لە گەڕەکی گەلی لە دهۆک پاسێکی گەورەی گەشتیاری بەبێ شۆفێر رۆیشتووە، شۆفێرەکە هەوڵی داوە پاسەکە بوەستێنێت، بەڵام خۆی كەوتووەتە ژێری و گیانی لەدەستداوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 19.11.2024 لە گەڕەکی گەلی لە سەرەتای بازاڕی دهۆک پاسێکی گەورەی گەشتیارانی عەرەب لە بەردەم هوتێلێک وەستاوە و کەسی تێدا نەبووە، لەخۆیەوە کەوتووەتە جووڵە و شۆفێری پاسەکەش لە لایەكی دیکەی شەقامەکە بووە و رایكردووە و هەوڵی داوە پاسەکە بوەستێنێت، بەڵام خۆی كەوتووەتەژێری و گیانی لەدەستداوە، هەروەها زیان بەر سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتیش كەوتووە.
هەیسەم بەربهاری، وتەبێژی بنکەی 122 تەندروستی لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و شۆفێرەكەیان لە ژێر پاسەکە دەرهێنا و رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
وتیشی، شوفێرەکە خەڵکی بەغدایە، تەمەنی لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵە، تەرمەکەی براوەتە پزیشکی دادی دهۆک و دوای پشکنین رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێت.
لەلای خۆیەوە مەتین جەمیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بە 964ی وت، شوفێرەکە تا گەیشتووەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، بۆیە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کرا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا