بۆ رۆژانی سەرژمێری

لیژنەی ئەمنیی عێراق كەوتە ئینزارەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لیژنەی ئاسایشی سەرژمێری دانیشتووان كەوتە دۆخی ئامادەباشی پلەی (ج)، بۆ ماوەی دوو رۆژی قەدەغەی هاتوچۆی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی.

وتەبێژی لیژنەی تایبەت بۆ پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان، فەریق میقداد میری، لە راگەیاندراوێكی هاوبەش ئەوەیان خستەڕوو، لیژنەی ئەمنی بۆ سەرژمێری دانیشتوان رۆژی دووشەممە کۆتایی بە سەرجەم کۆبوونەوەکانی خۆی هێنا و گەیشتە دوا بڕیارەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی و قەدەغەی هاتوچۆ.

سەرچاوەكە ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئاسانکاری جووڵە و گواستنەوەی بژمێرە مەیدانییەكان لە ئەنجامدانی سەرژمێری و ئۆرگانەکانی پشتیوانی لە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە 20 و 21ی ئەم مانگە، ئەم رێنماییانەی خوارەوە دەرچوو:

1- قەدەغەی هاتوچۆ لە نیوەی شەوی 19 لەسەر 20 کاتژمێر 12ی شەو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا کاتژمێر 12:00 شەوی 21 لەسەر 22ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

2- جموجۆڵی هاوڵاتیان و ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر سنووردار دەکرێت کاتێک قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان شار و قەزا و ناحیەكان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنیا بۆ هەندێك حاڵەتی پێویست و مرۆیی نەبێت.

تیمەکانی سەرژمێری بۆیان نییە نهێنی هیچ ماڵێک ببەنە دەر...

تیمەکانی سەرژمێری بۆیان نییە نهێنی هیچ ماڵێک ببەنە دەرەوە

هاوكات لە راگەیاندراوەكەدا لیژنەی ئەمنی ئاماژەی بەوانەش كردووە، كە قەدەغەی هاتوچۆ نایانگرێتەوە:

1-   سەرجەم وەزارەت و دەزگا ئەمنییەکان کە لە ئەرکدا دەبن، لە بەرامبەردا تەواوی هێزەكانی دیكە یەدەگ دەبن و لەناو بارەگاکانیاندا دەبن و لە باری ئامادەباشی، “ئینزاری ئاستی ج” دەبن.

2-   بەڕێوەبەرایەتی سەرژمێری لە بەغدا و سەرجەم شارەكان، (بژمێر و بەڕێوەبەر، یاریدەدەر و سەرپەرشتیار و چاودێرەکانیان).

3-   رۆژنامەنووس و راگەیاندنكاران، كە باجی رێگەپێدانیان هەیە.

4- كارمەندانی تەندروستی و پزیشکی، ئەوانەی لە دوو رۆژەدا دەوام و ئێشگگریان هەیە.

5- ئەمبولانس، بەرگریی شارستانی، هاتوچۆ، فریاگوزاری و دەزگا ئەمنییەکان، ئەوانەی لە ئەرکدان و تیمەكانی شارەوانی.

6- فەرمانبەری باڵیۆزخانەکان و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی و دەزگا نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان

7- فڕۆکەخانەکان و کارمەندەکانیان، ئەوانەی گەشتیش دەكەن لە رێگەی فڕۆكەخانەوە پێویستە بلیتی گەشتەكەیان بخەنەڕوو، تەنیاش فەرمانبەرە ئێشگگرەكانی فڕۆكەخانە بۆیان هەیە هاتوچۆ بكەن.

8-دەروازە سنوورییەکان و بەندەرەکان و کرێکارەكانیان، جووڵەیان پابەندە بە ڤیزای چوونە ژوورەوە، کە لە پاسپۆرتەکانیاندا ئاماژەی پێکراوە.

لیژنەی ئەمنیی سەرژمێریی گشتی، هەروەها لە راگەیاندراوەكەیاندا باسی چەند شوێنێكی دیكەیان كردووە، كە قەدەغەی هاتوچۆ نایانگرێتەوە، لەوانە  “دەرمانخانەکانی ناوچەکانی نیشتەجێبوون، نانەواخانە و کۆگاکانی خۆراک،  کرێکارانی کۆمپانیاکانی نەوت و وزە و پاسەوانەكان، ئەوانەی ئەركیان هەیە، پاسەوانی وێستگەکانی کارەبا و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و دادوەرەکان، بارهەڵگرەکانی تانکی سووتەمەنی کە ڤیزای جوڵەیان هەیە، دابەشکەری خۆراک بۆ بەندیخانەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی داڵدەدان، و بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی خۆراکی پێویست.

لە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجام دەدرێت.

"سەرژمێریی گشتی پەیوەندی بە راگرتنی پسولەی خۆراكەوە نییە"