ساغ نابێتەوە
بەرهەمی گەنمەشامی لە دهۆک روو لە کەمبوونە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
ئەمساڵ جوتیارانی دهۆک بڕێکی کەم بەرهەمی گەنمەشامیان چاندووە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆکیش دەڵێت، کەمی نرخ و ساغنەبوونەوەی لە بازاڕدا هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی گەنمەشامی.
بەروارد بە ساڵی رابردوو رووبەری داچێندراو بە گەنمەشامی نزیکەی سێ بەرامبەر کەمی کردووە، ئەمساڵ شەش هەزار 665 دۆنم زەوی کراوە بە گەنمەشامی، بەڵام ساڵی رابردوو 16 هەزار 560 دۆنم زەوی کرابوو بە گەنمەشامی.
ئەمڕۆ دوشەممە 2024.11.18، ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی وت، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونی بەرهەمی گەنمەشامی کەمیی نرخ و سانەغبوونەوەیەتی لە بازاڕدا، حکومەتی عێراقیش بەرهەمەکە لە جوتیاران وەرناگریت، ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی جوتیاران دوور بکەونەوە لە چاندنی گەنمەشامی.
وتیشی، “ئەمساڵ بەرهەمی گەنمەشامی لە پارێزگای دهۆک 21 هەزار و 260 تۆنە، ساڵی رابردوو بەرهەمەکە 50 هەزار و 670 تۆن بوو”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ساڵی داهاتوو بەرهەمی گەنمەشامی هەناردەی ناوەڕاستی عێراق بکرێتەوە و گۆرەپانێکی تایبەت بۆ گەنمەشامی دروست بکرێت.
لە دوای بەدواداچوونێکی 964 کە لە بازاڕ کردوویەتی، نرخی یەک کیلۆ گەنمەشامی لە نێوان 600 دینار بۆ هەزار دیناردایە.
خاکی سنووری پارێزگای دهۆک گونجاوە بۆ گەنمەشامی، بەشی زۆریشی لە قەزاکانی شێخان و بەردەرەش و دەوروبەری دهۆک دەچێندرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش