بۆ خواردنه‌وه و بۆ كشتوكاڵە
پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ى ئاودێری بۆ گوندێكی ماوه‌ت جێبەجێ کرا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له گوندێكى قه‌زاى ماوه‌ت پڕۆژه‌یه‌كی ئاودێرى گه‌وره جێبه‌جێكرا، خه‌ڵكى ئه‌و گونده‌ى بۆیان دروستكراوه، هه‌م بۆ خواردنه‌وه هه‌میش بۆ مه‌به‌ستى كشتوكاڵكردن سوودى لێوه‌رده‌گرن.
پڕۆژه‌كه بۆ گوندى ماشان كراوه، 16 خێزانن و پێشتر سوودیان لهسهرچاوهى ئاوى كانییه‌ك وه‌رده‌گرت.
كامه‌ران حه‌سه‌ن، قایمقامى قه‌زاى ماوه‌ت به 964ـى راگه‌یاند، هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌ى كانییهیان بۆ گونده‌كه كردووه‌ته پڕۆژه ئاودێرییه‌كه و له ماوه‌ى دوو مانگدا دروستكردنه‌كه‌یان ته‌واو كردووه.
وتیشی “پڕۆژه‌كه بریتییه له ئەستێرێكی گەورەی كۆنكرێتى و ئاوى سه‌رچاوه‌ى كانییهكهى لێ كۆده‌كرێته‌وه و دواتریش دابه‌شی سه‌ر ماڵه‌كان ده‌كرێت”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، پڕۆژه‌كه به بودجه‌ى 16 ملیۆن دینار ته‌واو كراوه كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراییه‌وه ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ردرابوو.