300 مەشقپێكراوی دیكە ئامادەكران

ئەمڕۆ بژمێرەكانی سەرژمێری لە هەولێر سەردانی ماڵان دەكەن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 16.11.2024 بژمێرەكانی سەرژمێریی گشتی لە چەند گەڕەكێكی هەولێر دەستبەكاردەبن و فۆڕمی خێزانی پڕدەكەنەوە، ئاشكراشی كرد زیاتر لە 10 هەزار كەس لە سنووری پارێزگای هەولێر كار وەك تیمی سەرژمێری كاردەكەن.

بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر دلزار حەمەساڵح ئەمڕۆ بە تۆڕی 964ی راگەیاند، قۆناغی كۆتایی مەشقی 300 كەسی دیكەی بژمێریان لە پارێزگای هەولێر تەواو كرد، كە سێ رۆژ مەشقیان پێكرا.

وتیشی، بژمێرەكان هەر ئەمڕۆ سەردانی چەند گەڕەكێكی هەولێر دەكەن و فۆڕمی خێزانەكان پڕدەكەنەوە، كە چەند پرسیارێكی لەخۆگرتووە و پرۆسەكەش تا 19ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ئەوەشی بە 964 راگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار كەس لە تیمی سەرژمێری لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشدارن و كاردەكەن.

دلزار حەمەساڵح روونیشیكردەوە، رۆژی 20 و 21ی ئەم مانگە لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا جارێكی دیكە بژمێرەكان سەردانی ماڵەكان دەكەنەوە بۆ جێگیركردنی زانیارییەكان بە شێوەیەكی ورد.

“داواكارین هاوڵاتیانی هەولێر لەگەڵ تیمەكانی سەرژمێری هاوكاربن و وەڵامی پرسیارەكان بە دروستی بدەنەوە، چونكە بەشداریكردن لەو پرۆسەیە گرنگە و كارێكی نیشتمانییە”، دلزار حەمەساڵح وای وت.

بڕیارە 20 و 21ی ئەم مانگە سەرژمێریی گشتی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت و قەدەغەی هاتوچۆش دەبێت.

بەشێک لە کەلارییەکان دەبێت بۆ سەرژمێری بچنە خانەقین

بەشێک لە کەلارییەکان دەبێت بۆ سەرژمێری بچنە خانەقین