لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا
دوو کەس کوژران یەکێکی دیکەش بریندار بوو
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە گەڕەکی حەجاج لە شاری کەرکوک، بەهۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە دوو کەس کوژران و یەکێکی دیکەش بەسەختی بریندار بوو.
درەنگانی شەوی پێنج شەممە 14.11.2024، دوو گەنج دەبێتە شەڕیان دوای گەڕانەوەیان بۆ ماڵ شەڕەکە جارێکی دیکە دەست پێدەکاتەوە و چەکی تێدا بەکاردەهێنرێت، لە ئەنجامدا دوو کەس دەکوژرێن و یەکێک دیکەش بریندار دەبێت.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، دوو گەنج لە کاتی بەرێوەچوونی یاری نێوان عێراق – ئەردەن، لە یەکێک لە کافتریاکان سەرخۆش بوونە و بووە بە شەڕیان، دوای گەڕانەوەیان پەنایان بۆ چەک بردووە و لە نێو کۆڵانێکی گەڕەکەکە بووە بە شەڕیان، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و دەرگای ماڵان فیشەکی بەرکەوتووە، و یەکێک لە شەڕکەرەکان کوژراو و دووی دیکەش بریندار بوون.
وتیشی، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، بەکۆی گشتی لە ئەنجامی شەڕەکە دوو کوژراو و بریندارێک هەیە.
روونیشیکردەوە، هەردوو بنە ماڵە شەڕەکەرەکە خزم وکەسی یەکترن و لەنەتەوەی عەربن وخەڵکی باشوری عێراقن، کاری گامێشەوانی دەکەن، هێزە ئەمنیەکان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێ کراوە بۆئەوە شەڕەکە زیاتر گەورە نەبێت.
عەدنان عەلی، شایەتحاڵ لە نەخۆشخانەی ئازادی بە 964ـی وت، هەردوو بنەماڵە لەنەخۆشخانە چەندین جار پەلاماری یەکتریان داوە وشەڕ دروست بووە و پاشان بنەماڵەیەکیان نەخۆشخانەیان جێ هێشت و رۆیشتن بۆ ئەوەی دەست بەسەر گامێش و ئاژەڵەکانی بنەماڵەی بەرامەردا بگرن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر