بەهۆی سەرژمێرییەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەیەک پشووی راگەیاند
964+
ژووری هەواڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە راگەیاندنی هەفتەیەک پشوو بۆ فەرمانبەرانی شارستانی، سەربازی و ئەو خوێندکارانەی ناوچەکانی مادەی 140، کە دەوامیان سەر بە هەرێمی کوردستانە.
بە گوێرەی نووسراوێک کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە و ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، پشووەکە لە 15ی مانگ تا 23ی مانگ دەبێت و بەهۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێرییەوەیە.
هەر بەهۆی سەرژمێرییەوە، لە هەرێمی کوردستانیش، رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە پشووی فەرمییە و قەدەغەی هاتوچۆش رادەگەیەنرێت.
بڕیارە 20.11.2024 سەرژمێریی گشتیی لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێ، كە دوو رۆژ دەخایەنێت و ماوەیەكی زۆریشە پرۆسەی ئەزموونی كارەكە و گەمارۆسازی و ژمارەدانان دەستیپێكردووە.
27 ساڵە لە عێراق پڕۆسەى سەرژمێرى ئەنجام نەدراوە و دواینجار پڕۆسەى سەرژمێرى ساڵى 1997 بوو کە ئەوکات دانیشتووانى عێراق، بەبێ هەرێم 19 ملیۆن و 184 هەزار 543 کەس بوو.
یەکەم سەرژمێری گشتیى لە عێراق ساڵی 1934 ئەنجامدرا، ئەوکات ژمارەی دانیشتووانەکەی سێ ملیۆن و 380 هەزار کەس بوو.