تیمەكانی ئاو گەیشتوونەتە شوێنەكە
بۆری گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەی دوكان – سلێمانی شكا
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆڕی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەی دوكان بۆ سلێمانی لە نزیك گوندی حاجیتان شكاوە و بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانییش دەڵێت، “تیمەكانمان ناردووەتە شوێنەكە و جارێ نازانین قەبارەی شكاوییەكە چەندە”.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964ی وت، نزیكەی كاتژمێرێك زیاترە، ئاگادار كراینەوە كە بۆڕی گواستنەوەی ئاوی دوكان بۆ سلێمانی لەنزیك گوندی حاجیتان شكاوە و تیمەكانیان گەیشتوونەتە شوێنەكە بۆ چاككردنەوەی، ئێستاش سەرقاڵی هەڵكەندنەوەی شوێنی شكاویەكەن و كاتەكەی دیارنییە كەی چاكدەكرێتەوە .
وتیشی، ئەو بۆڕییەی شكاوە هێڵی یەكی گواستنەوەی ئاوە بۆ سلێمانی و ئاوی خواردنەوەی بەشێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی دابین دەكات.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا لە دوكانەوە ئاوی بۆرییەكەمان گرتووەتەوە، تا هەڵنەدرێتەوە نازانین قەبارەی شكاوییەكە چەندە و تا ئەوكاتەش نازانین كاریگەری دەبێت لەسەر دابەشكردنی ئاو لە بەشێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی یان نا.
بۆڕی گواستنەوەی ئاوی دوكان بۆ سلێمانی لە دوو هێڵ پێكهاتووە، هێڵی یەك لە ساڵی 1983 و هێڵی دوو لە ساڵی 2007 وە ئاو بۆ سلێمانی و دەوروبەری دەگوازنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا