لە ئازەربێجان

كێ لە هەرێمی كوردستانەوە لە كۆنفرانسی لایەنەكان (كۆپ 29) بەشدارە؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆنفرانسی لایەنەكان (كۆپ 29) لە باكوی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەبچێت و شاندێكی فراوانی هەرێمی كوردستانیش لە چەند سێكتەرێكی جیاواز بەشدارن.

كۆنفرانسی لایەنەكان COP29 بۆ پرسە ژینگەییەكانی جیهان، لە رۆژانی 11 تا 22ی ئەم مانگە لە باكوی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و نوێنەری سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارن، هەروەها هەریەكە لە نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ، کشتوکاڵ، شارەوانی، کارەبا، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نوێنەری زانکۆکان، رێکخراوەکان و کەرتی تایبەت لە كوردستانەوە بەشدارن.

لە رۆژی یەكەمی كۆنفرانسەكەشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بەشداریی كرد و دواتر گەڕایەوە هەرێم.

لە كۆنفرانسەكەدا سەرۆك و سەركردەكانی جیهان، نوێنەرانی حكومەتەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كەرتی تایبەت، خاوەنكاران، دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و چالاكوانانی ژینگە بەشدارن.

ئامانج لە كۆنفرانسەكە، گەیشتنە بە رێكاری باشتر و كاریگەر بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەداوە، “بەشداریی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی لایەنەكان لە باكو، بە مەبەستی ئاشناكردنی وڵاتانە بەو هەوڵانەی لە چوارچێوەی هەنگاوە جیهانییەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا دراون، هەروەها سوودوەرگرتن و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری و هەماهەنگییەكانە لەگەڵ وڵاتان، بۆ بەهێزكردنی رێكارەكانی پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا لە هەرێمی كوردستاندا بەپێی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان”.

گه‌شتی راسته‌وخۆی هه‌ولێر – ئازه‌ربێجان دەكرێته‌و...

گه‌شتی راسته‌وخۆی هه‌ولێر – ئازه‌ربێجان دەكرێته‌وه‌؟