پێنج کەسیش دەستگیر کران
پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە هەولێر داخرا
964+
شۆڕش قادری
پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە هەولێر داخرا کە بەشێوەیەکی نایاسایی کاری کردووە و پێنج کەسیش دەستگیر کران.
قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “ئەمشەو سێشەممە 12.11.2024 دوای بەدواداچوون و چاودێریکردن، مەفرەزەکانی پۆلیسی شارەوانی لەسەر راسپاردەی قائیمقامی هەولێر، هەڵسان بە دەستبەسەرداگرتنی پاڵاوگەیەکی نایاسایی، لە گۆڕەپانی فڕۆشتنی نەوت و غاز”.
بەپێی راگەیەنراوەکە، پاڵاوگەکە بە شێوەیەکی نایاسایی و شاراوە کاری کردووە و زەرەر و زیانی بۆ تەندروستی و ژینگە هەبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەنجامی پشکنین و بەدواداچوون، دەست بەسەر کەلوپەلەکانی شوێنەکەدا داگیراوە و پێنج کەسیش دەستگیرکراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو پێنج کەسە کراوەتەوە و رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە و بەند کراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر پیسبوونی ژینگەی هەولێر و بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش لە شارەکە مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە کە ژینگەپارێزان هۆکارەکەی بۆ بوونی چەند پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە دەرووبەری هەولێر دەگەڕێننەوە.
رۆژى 4.8.2024ـیش ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە بەردەم مایکى میدیاکان حەوت خاڵى خوێندەوە کە وەک بڕیار لە بارەى ژینگەى هەولێرەوە دەرکرابوون، سەرەکیترینیان داخستنى 138 پاڵاوگەى نایاسایى بوو.