FBI بە ماڵەکەی بایدن فێربووە

+964

عادل كانەبی

جارێکی تر، پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا FBI ماڵەکەی جۆ بایدنیان پشکنی و چەند نووسراوێکی دەستییان برد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزەری سەرۆکی ئەمریکا بۆب باویر رایگەیاند، کە پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا بۆ ماوەی چوار کاتژمێر ماڵەکەی بایدنی لە ناوچەی رێهۆبۆتی ویلایەتی دێلاوێر پشکنیووە، بەڵام هیچ نووسراوێکی نهێنییان نەدۆزیەوە، تەنها دەستیانگرت بەسەر چەند نووسراوێکی دەستی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە بایدن جێگیری سەرۆکی ئەمریکا بووە لە ساڵی 2009 بۆ 2017.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) ئەم لێکۆڵینەوانە بۆ ئاشکراکردنی سیاسییەکانی وڵاتەکەی دەکات، کە ئایا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنی و تایبەتەکان کردووە.

شایەنی باسە کە لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژ ئەو دەزگایە دووجارە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵەکەی جۆ بایدن و هەروەها چەند مانگێکیش لەمەوبەر هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا و چەند بەڵگەنامەیەکیان دۆزییەوە.

دەزگای FBI ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەداتە وەزارەتی دادی ئەمریکا و دواتر له‌ داهاتوودا رێکاری یاسایی بەدوادادێت.