بیانووی خۆیان هەیە

بانگدانی ئەلیکترۆنی لە گەرمیان رەتدەکرێتەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستان، بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی بانگدان لە مزگەوتەکان، ئەوقافی گەرمیان پابەند نابن و دەڵێن جێگامان نییە.

سەباح محەمەد، بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان بەوەکالەت بە 964ى وت، “جێبەجێکردنی بانگدانی ئەلیکترۆنی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە ئارەزوومەندانەیە نەک زۆرەملێ، ئێمەش وەک ئەوقافی گەرمیان سەرووی خۆمان ئاگادارکردووەتەوە ناتوانین بانگدانی ئەلیکترۆنی جێبەجێ بکەین”.

“پێویستی بە ئۆفیسێک ھەیە لەگەڵ 20 بانگدەر و کارەبای بەردەوام و پاسەوان، ئێمەش لە رووی مادییەوە توانامان نییە ئەوانە جێبەجێ بکەین، بۆیە ناتوانین پابەند بین بەو سیستمەی بانگدانەوە”، سەباح محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، “یەکێکیتر لە ھۆکارەکان ئەوەیە ھاوڵاتیان حەزدەکەن خۆیان بانگ بدەن و ئەو سوننەتە جێبەجێ بکەن و خێرێکی گەورەیە”.

بەڕێوەبەرەکەی ئەوقافی گەرمیان وتیشی،”راستە لە ھەندێک لە مزگەوتەکان کەسانێک بانگ دەدەن دەنگیان گونجاو نییە، بەڵام ناچارین چونکە تەنیا 11 بانگبێژی میلاکمان ھەیە بۆ 258 مزگەوت، ئەویتر ھاوڵاتیان بانگ دەدەن، چارەسەری ئەوەش تەنیا بانگدانی ئەلیکترۆنیدە و ئێمەش لە تواناماندا نییە”.

یەكخستنی بانگدانی نوێژەكان، پڕۆژەیەکی وەزارەتی ئەوقافە بۆ رێکخستنەوەی کاتەکانی بانگدان لە کوردستان، ئەویش لە رێگەی سیستمەوە، بەڵام تا ئێستا لە هەموو كوردستان جێبەجێ نەكراوە و لە هەندێك شوێنیش پێداویستی و ئیمكانیاتی پێویست بەدەست نییە.

هاوكات پێشتر نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی كوردستان بە 964ی راگەیاندبوو، لە نێوان پارێزگاکاندا بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی جیاوازی لەکاتی بانگداندا هەیە، بەڵام پڕۆژەکەی وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاتی بانگدانی مزگەوتی ناو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە، نەک هەموو کوردستان بەیەکەوە.

ئەو وتبووی، وەزارەتی ئەوقاف دەیەوێت سەرجەم مزگەوتەکانی سەر ئاستی یەک پارێزگا، یان ئیدارەی سەربەخۆ لە یەک کاتدا بانگبدەن، نەک جیاوازی لە نێوانیاندا بێت.

بە پێی ئاماری وەزارەتەكە نزیكەی شەش هەزار مزگەوت لە هەرێمی كوردستاندا هەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

رێکخستنەوەی کاتی بانگدان گەیشتە گەرمیانیش

رێکخستنەوەی کاتی بانگدان گەیشتە گەرمیانیش