106 ساڵ بەرلەئێستا جه‌نگی جیهانى یه‌كه‌م کۆتایی هات

له‌ كوشتنى ئه‌رشیدۆق بۆ رێکەوتننامەی ‌ناو فاڕگۆنێکى شه‌مه‌نده‌فه‌ر

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌مڕۆ ساڵیادی كۆتایی هاتنى جه‌نگی یه‌كه‌مى جیهانییه‌، تیایدا ئه‌ڵمانیا له‌ناو كابینه‌یه‌كى شه‌مه‌نده‌فه‌رى وڵاتى فه‌ڕه‌نسا رێكه‌وتنى ئاگربه‌ستى له‌گه‌ڵ وڵاتانى هاوپه‌یمان ئیمزا كرد و شه‌ڕه‌كه‌ كۆتایی هات.

رێكه‌وتى 28.6.1914 له‌ رووداوێكدا ئه‌م شه‌ڕه‌ دروستبوو كه‌ تیایدا میراتگرى ته‌ختى شاهانه‌ى نه‌مسا به‌ناوى (ئەرشیدۆق فرانز فردیناند) و هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌لایه‌ن كه‌سێكی سڕبی به‌ناوى گاڤڕێلوو پڕێنسیب له‌ شاری سه‌راییڤۆى پایته‌ختى بۆسنەوهێرسك ته‌قه‌یان لێكرا و كورژان.

ئه‌وكات نەمسا و هه‌نگاریا حکومەتى سڕبیایان به‌ ئه‌گه‌رى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕه‌كه‌ تۆمه‌تبار كرد، رووسیاش له‌ پشتى سڕبیا بوو، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئیمپراتۆڕی ئه‌ڵمانیا (فێلیهامى دووه‌م) كه‌ تازه‌ ده‌سه‌ڵاتى گرتبووه‌ ده‌ست پشتیوانى خۆى پیشان دا له‌هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه‌ رووسیا بێته‌ ناو بارودۆخه‌كه‌ و ده‌ستوه‌ردان بكات.

رێكه‌وتى 28.7.1914 نه‌مسا و هه‌نگاریا شه‌ڕیان له‌ دژى سڕبیا ده‌ستپێكرد و رۆژێك دواى ئه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ بۆردومانكردنى شاری به‌لگراد كرد، رووسیاش جوڵه‌ى سه‌ربازی ده‌ستپێكرد و هێزه‌كانى بۆ پشتیوانى سڕبیا كۆكرده‌وه‌.

له‌ 1.8.1914 فه‌ڕه‌نسا هاته‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌، كه‌ هاوپه‌یمانى رووسیا بوو، هێزه‌كانى كۆكرده‌وه‌ و دوو رۆژ دواى ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا بوو به‌ شه‌ڕیان.

له‌ 4.8.1914 ئه‌ڵمانیا په‌لامارى به‌لجیكاى دا، به‌ریتانیاش كه‌ هاوپه‌یمانى به‌لجیكا بوو شه‌ڕى له‌ دژى ئه‌ڵمانیا ده‌ستپێكرد.

له‌ناو هه‌موو وڵاتانى ئه‌وڕوپا ئه‌ڵمانیا سه‌رگه‌رمترین وڵات بوو بۆ ئاماده‌باشی شه‌ڕه‌كه‌، واى له‌ خه‌ڵكەكه‌ى گه‌یاندبوو كه‌ سه‌ركه‌وتوو و براوه‌ ده‌بێت بۆیه‌ش خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ دڵخۆشی پێشوازییان له‌ شه‌ڕه‌كه‌ كرد و پلانى “شلیڤن”ی دانا بۆ داگیركردنى فه‌ڕه‌نسا.

له‌ كۆتایى  ساڵى 1914 زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن سه‌ربازى نه‌ته‌وه‌ جیاواز له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا گیانیان له‌ده‌ست دا.

به‌ درێژایی ساڵانى 1915 و 1916 شه‌ڕى سه‌خت له‌ نێوان ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا روویدا، به‌ڵام دواجار هیچ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ نه‌یانتوانی سه‌ركه‌وتنى خۆیان رابگه‌ینن.

له‌ به‌رى رۆژهه‌ڵاتیش ئەڵمانیا تاراده‌یه‌ك توانى له‌ شكستپێهێنانى هێزه‌كانى رووسیا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، چونكه‌ هێزێكی ناڕێكوپێكی هه‌بوو و زیانێكی زۆرى به‌ركه‌وت و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ناو رووسیا ساڵى 1917 شۆڕش به‌رپاببێت و تا كۆتایی ئه‌م ساڵه‌ش به‌لشه‌فییه‌كان توانیان ده‌سه‌ڵات له‌ رووسیا بگرنه‌ده‌ست و ده‌ستیان به‌ دانوساندنى ئاشتى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا كرد.

له‌ 11.11.1918 ئه‌ڵمانیا رێكه‌وتنى ئاشتى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ئیمزا كرد و له‌ ساڵى 1919 ش په‌یماننامه‌ى ئاشتى ڤێرساى له‌ فه‌ڕه‌نسا ئیمزا كرد، به‌ فه‌رمى شه‌ڕه‌كه‌ وه‌ستا.

زیانه‌كانى ئه‌م شه‌ڕه‌ جیهانییه‌ كه‌ زیاتر له‌ چوار ساڵى خایاند، نۆ ملیۆن كه‌س له‌ وڵات و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان گیانیان له‌ده‌ست دا و 21 ملیۆن سه‌ربازیش بریندار بوون.

ئاگاداربن جەنگی سێیەمی جیهانی نزیکە

ئاگاداربن جەنگی سێیەمی جیهانی نزیکە