لە لایەن ئیتالییەكانەوە
پێداویستى پزیشکی پێشکەش بە نەخۆشخانەی راپەرینی فێرکاریی منداڵان کرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هێزەکانی زەمینی نیشتمانیی ئیتالیا لە هەولێر، چەندین کەلوپەل و پێداویستى پزیشکییان پێشکەش بە نەخۆشخانەی راپەرینی فێرکاریی منداڵان كرد و پارێزگاری هەولێریش ئاماژەی بەوەدا، بەشێكی نەخۆشخانەكە ئێستا لەسەر بودجەی پارێزگا لە نۆژەنكردنەوەدایە.
لە بۆنەیەكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 10.11.2024 هێزەكانی ئیتالیا، كە لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەرێمی كوردستانن و مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەكەن، كۆمەڵێك پێداویستی و كەلوپەلی پزیشكییان پێشكەش بە نەخۆشخانەی راپەڕێنی فێركاریی منداڵان كرد.
هەریەكە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو و فەرماندەی هێزەكانی ئیتالیا لە هەولێر كۆلۆنێل چۆرو فێرتی لە رێوڕەسمی پێشكەشكردنی دیارییەكان ئامادەبوون، كە پێكهاتبوون لە دابینکردنی ئامێرێکی “DC shock” و 6 ئامێری “Infusion pump” و 85 دۆشەکی تایبەت بە قەرەوێڵەی نەخۆش و چەندین کەلوپەل و پێداویستی دیکەى پزیشکی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە.
ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر بە 964ی وت، نەخۆشخانەى راپەرینى فێرکاری بۆ منداڵان، یەكێكە لە نەخۆشخانە گرنگەکانى شارى هەولێر، سوپاسی هێزەكانی ئیتالیا دەكەین بۆ هاوكاری و دابینكردنی پێداویستییەكان، دەمەوێت ئەوەش بڵێم ئێستا بەشێکى نەخۆشخانەكە، لهوانه هۆڵى نەشتەرگەرى و چەند هۆڵێکى ترى نەخۆش لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر نۆژەن دەكرێنەوە و كاركردن تێدا بەردەوامە.