نزیکەی نیو ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکرێت
شەقامە سەرەکییەکانی گوندی کۆری هەولێر چاک دەکرێن
964+
توانا نەقی
ئاوڕی خێر لە شەقامە سەرەکیەکانی گوندی کۆری هەولێر دەدرێتەوە و وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، نزیکەی نیو ملیار دیناریان بۆ چاککردنی شەقامەکان و پرۆژەی خزمەتگوزاری خەرج دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی شارەوانی هەرێم بڵاویکردەوە، بە واژۆی وەزیری شارەوانی رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر خەرجكردنی بڕی 460 ملیۆن و 999 هەزار دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە گوندی كۆری.
دەشڵێت، ئەو بڕە پارە لەسەر رێژەی 15%ـی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی كردنەوەی شەقامە سەرەكییەكانی گوندی كۆری لە زۆنی (B) لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دووی شاری هەولێر.
پرۆژەكە كاریگەرییەكی زۆر باشی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو شوێنە دەبێت بە تایبەتی لەڕووی شەقامسازی و ئاسانكاریی هاتوچۆوە، وەزارەتی شارەوانی وا دەڵێت.
گوندی کۆری یەکێکە لە پرۆژە نیشتەجێبوونەکانی هەولێر و دەکوێتە پشتەوەی شەقامی 150 مەتری هەولێرەوە.