ماوەی هەفتەیەک دیاریکراوە
شارەوانی کفری بۆ دانیشتوانی گەڕەکی هەواری نوێ: کێشەی ئاو و ئاوەڕۆتان چارەسەر بکەن
964+
ژووری هەواڵ
شارەوانی کفری داوا لەو ماڵانە دەکات کە دەکەونە سەر پرۆژەی قیرتاوکردنی جوتسایدی هەواری نوێ، نەبنە بەربەست بۆ پرۆژەکە و گرفتی ئاو و ئاوەڕۆکانیان چارەسەر بکەن.
سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە راگەیەندراوێکدا بۆ دانیشتووانی گەڕەکی هەواری نوێ دەڵێت، بەهۆی قیرتاوکردنی گەرەکەکەتان تا تەواو بوونی پرۆژەکە هەندێک بارگرانیتان بۆ درووست دەبێت بۆ هاتوچۆتان، بەڵام داواکارین لەماوەی یەک هەفتە هەر ماڵێک کە دەکەوێتە سەر ئەو شەقامە گرفتی ئاو و ئاوەرۆی هەیە چارەسەری بکات، بۆ ئەوەی ئاستەنگی بۆ پرۆژەکە درووست نەبێت.
نزیکەی هەفتەیەکە کارکردن لە پرۆژەی قیرتاو کردنی دووسایدی گەرەکی هەواری نوێ دەستی پێ کردووە و زیاتر لە 494 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
ماوەی 150 رۆژ دیاریکراوە بۆ تەواوکردنی قیرتاوی هەموو شەقامەکە، شارەوانی کفری ترسی هەیە کێشەی ئاوەڕۆی ئەو ماڵانەی دەکەونە سەر شەقامەکە گرفت بۆ پرۆژەکە دروستبکات.