عەربەت 13 وڵاتی کۆکردەو
سێ رۆژە 120 یاریزان لە ئاسمانی شار دەفڕن
+964
دیلان محەمەد جەزا
سێ رۆژە لە سلێمانی چالاکییەکی گەورە بەڕێوەدەچێت، 120 یاریزان لە 13 وڵاتەوە هاتوون و پێشبڕکێ دەکەن، ئازا ئەوەبوو لە ئاسمان بە باشی دەفڕێت و لەو خاڵە بنیشێتەوە کە بۆی دیاری دەکەن.
پاڵەوانێتییەکە ناوی (پاراگلایندین پۆینت)ە، یاریزانەکە لە بەرزییەکی زۆرەوە بە پەڕەشووت دەفڕێت، خاڵی نیشتنەوە لە شارۆچکەی عەربەت بوو لە خۆرهەڵاتی سلێمانی.
ئەمڕۆ شەممە (09.11.2024) دواهەمین رۆژی پاڵەوانێتییەکە بوو، تیمی کوردی پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا، لە پێش ئەوانەوە تیمی مەنگۆلیاو تیمێکی عەرەبی هەبوون.
بارما بۆلۆرما یەکێکە لە بەشداربووەکانی تیمی مەنگۆلیا و توانی خەڵاتی بەسی خانمان بەدەستبهێنێت ئەو بە 964 وت”من یەکەمجارمە بێمە عێراق، خەڵاتی بەشی ئافرەتانم بەدەستهێنا لەم پاڵەوانیەتیەدا، زۆر خۆشحاڵم بە بەشداریکردنم لەم پێشبڕکێیەدا و زۆر سوپاس بۆ عێراق”
لە دابەشکردنی خەڵاتەکاندا بەڕێوەبەران و رێکخەرانی چالاکییە وەرزشییەکانی سلێمانی لێبوو.
کاروان زیرەک بەڕێوەبەری وەرزشو لاوانی سلێمانی بە 964 وت: ” پێمانخۆشە ئەم جۆرە چالاکییانە بێتە سلێمانی، هاتنی نوێنەری 13 ووڵات بۆ ئێرە نیشانەی گونجاندنی کەشو وهەوا و ئەمن و ئاسایشە”.
هونەر قادری پاراگلایدەرلە تیمی کوردی خەڵاتەکەی بەدەستەوەیەو بە 964 وت، توانیمان پلەی سێیەم بەدەستبهێنن و نیەتمان هەیە لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان بەشداری بکەن”
پێداچوونەوە – ژوولی عەدنان