دوكان ئامادە بكەن و ڤیزە كارتەكانتان وەربگرنەوە
بازرگانیی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر هۆشداریی دەداتە بریكارەكان
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر ئاگاداری سەرجەم بریکارەکانی خۆراکی سنووری پارێزگای هەولێر دەکاتەوە، ئامادەباشی بکەن و دوکانەکانیان ئامادەبکەن و خاوێن بکەنەوە، چونكە لەم هەفتەیە دەست بە وەرگرتنی پارەی لیستی بریکارەکان دەكرێت بەپێی بڵاوکردنەوەی بنکەکان.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەمڕۆ شەممە 9.11.2024 لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکرێت دابەشکردنــــی بەشـە خــۆراکــی سەبــەتـەی هـەشتەمی ساڵی 2024 لـــەسەر لیستـــی بریکاری مانگی 11ی 2024.
بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت، بەشەخۆراکی ئەم مانگە پێکهاتووە لـــــە چوار بابەت و بەم جۆرەیە:
1- شەکر 1 کگم
2- برنج 3 کگم
3 – نیسک 3 کگم
4 – زەیت 1 لیتر ( 1 دەبە )
هاوكات روونكردنەوەیان داوە، كە ئەم مانگە دۆشاوی تەماتە نادرێت لەبەر ئەوەی پێشتر لە مانگێک دوو بەشە دۆشاوی تەماتە دابەشکرابوو، هەروەها پێشکەشکردنی پارەی لیستی بریکارەکان تەنیا لە رێگای ڤیزە کارتی بانکی (جنوب ئیسلامی) دەبێت.
جگەوە بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات، ڤیزە کارتێکی زۆری بانکی جنوب ئیسلامی دەرچووە و لە هۆبەی کارمەندانی بانکی جنوب ئیسلامی ئامادەکراوە، تا بریکارەکان سەردانیان بکەن و پێیان بدرێتەوە، جگە لەوە بە پێی نووسراوێک کە لە وەزارەتی بازرگانیی عیراق هاتووە، هەر بریکارێک مامەڵەی بانکی جنوب ئیسلامی نەکردبێت، بەشە خۆراکی ئەم مانگەی بەشێوەی کاتی بۆ ناچێت و دەدرێت بە بریکارێکی دیكە .
بەڕێوەبەرایەتییەكە هۆشداریی ئەوەش دەدات، هەر بریکارێک پێشەکی پارە پێشکەش نەکات، بەشە خۆراکی بۆ ناچێت و بریکار دەبێت سەرەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراک ( تموین ) بکات و پسوولەی پێنج هەزار دیناری ببڕێت، پاشان پارەی لیستی بریکاری بدات.