مێژووەکەى زۆر کۆنە
لە لێوارى بەنداوى موسڵ گوندێکى شوێنەوارى دۆزرایەوە
964+
ژوولی عەدنان
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بە هاوکاری تیمێکی ئیتاڵی لەسەر لێواری بەنداوی مووسڵ گوندێکی کۆن دەدۆزنەوە.
د. بێکەس بریفکانی بەڕیوەبەری گشتی شوینەوارو کەلەپووری دهۆک بە 964ـى وت،” ساڵانە تیمێکی زانکۆی پالێرمۆی ئیتاڵیا سەردانی کوردستان دەکەن و بە تایبەتی لێکۆڵینەوە لە شوینەوارەکانی شاری دهۆک و دەوروبەری دەکەن و ئەمساڵیش گوندێکی شوێنەواریمان دۆزیتەوە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی چاخى بڕۆنز دەگەڕیتەوە”.
وەک باسى دەکات، تیمەکە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارو کەلەپووری دهۆک کارەکانی دەکات و تائێستاش لە لیکۆڵینەوەدان، تەنیا یەک مانگیان لەبەردەستە پشکنینەکان تەواو بکەن، چونکە ئاوی بەنداوەکە گوندەکە دادەپۆشیتەوە.
بەنداوی مووسڵ لە ساڵی 1986ـەوە دروستکراوە، بەو هۆیەوە چەندەها شوێنەواری مێژوویی لەو ساڵەوە ژێر ئاو کەوتوون، شوێنەوارناسانیش ساڵانە لە کاتێکی تایبەتدا کە ئاستی ئاوەکەی نزم دەبێتەوە پشکنینەکانیان ئەنجام دەدەن .