پەیامێکى ژینگەیی
چالاکوانانى کفرى زبڵ و خاشاکى ماڵەکانیان بردە بەردەم شارەوانى
964+
وریا فەتاح
وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر پاکنەکردنەوەى شارەکەیان، پێنج چالاکوانى کفرى زبڵ و خاشاکى ماڵەکانیان بردە بەردەم دەرگاى شارەوانى کفرى و دەڵێن، لەو رێگەیەوە پەیامەکەمان بە شارەوانى گەیاند.
رەئوف عومەر کە چالاکوانێکى قەزاى کفرییە بە 964ـى وت،”بەهۆى تەواوبوونى گرێبەستى کۆمپانیاى پاککەرەوەى شار، دوو سێ رۆژە ناوشارى کفرى پاکنەکراوەتەوە و زبڵێکى زۆر لەناوشار کۆبووەتەوە و بەشێکیشى لە چەم و زەوییەکانى دەورووبەرى کفرى فڕێدراوە و بۆنێکى ناخۆش و سیمایەکى ناشیرینى دروستکردووە”.
وەک ئەوەى ئەو چالاکوانە باسى دەکات، دوو مانگ دەبێت گرێبەستى کۆمپانیاکە تەواو بووە، تەنانەت کرێکارانى کۆمپانیاکە دوو مانگە موچەیان پێنەدراوە کە دەبوو دوو مانگ پێش وادەى تەواوبوونى گرێبەستى کۆمپانیاکە تەندەرى نوێ لێبدرایە بۆ ئەوەى ئەو کارى پاککردنەوەیە نەوەستێت.
چالاکوانەکانى کفرى رێگەیەکى نوێیان بۆ ناڕەزایەتى بەرامبەر ئەو کارە گرتووەتەبەر و ئەمشەو هەریەکەیان ئەو زبڵ و خاشاکەى لە ماڵەوە هەیانبووە، لەجیاتى ئەوەى بیبەن لە دەورووبەرى کفرى فڕێى بدەن، هەموویان کۆکردووەتەوە و لەبەردەم دەرگاى شارەوانى شارەکەیان دایانناوە، وەک ئەوەى رەئوف عومەر باسى دەکات، ئەو کارەیان بۆ ئەوەیە پەیامەکەیان بگات.
بە وتەى ئەو چالاکوانەى کفرى ئەوە جارى دووەمە و پێشتریش بەهۆى تەواوبوونى گرێبەستى کۆمپانیاى پاککەرەوە چەند رۆژێک شار پاکنەکرایەوە و خەڵکى زبڵەکانی خۆیان دەبردە زەوى و ئاوەکانى دەرەوەى کفرى، ئەوەش مەترسى ژینگەیى دروستکردبوو.