قایمقام بەڵێنەکەی بردەسەر
ئامادەکاری بۆ دووبارە داڕمانی شاخی سەر تونێلی دەربەندیخان دەکرێت
964+
شۆڕش قادری
قایمقامی دەربەندیخان بەڵێنەکەی بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری کاتیی بۆ پاراستنی رێگای ناو تونێلی دەربەندیخان لە مەترسی دووبارە داڕمانی شاخی سەر تونێلەکە بردەسەر.
مەترسی داڕمانی شاخی سەر تونێلی دەربەندیخان نەڕەویوەتەوە
سلێمان محەمەد قائیقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ سێشەممە 5.11.2024 چەند حەفارە و بارهەڵگر و ئامێرێکمان برد و دەستمانکرد بە لابردنی گڵ و خۆڵی پشت بەربەستەکانی بەردەم تونێلی دەربەندیخان”.
“چەند بەردێکی گەورە لەسەر شاخەکە هەن کە مەترسی کەوتنەخوارەوەیان هەیە و ئەو کارەمان بۆ ئەوە کرد، ئەگەر بەرد و گڵی سەر شاخەکە داڕما، بکەوێتە پشتی بەربەستەکە و نەکەونە سەر جادەکە”، سلێمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو حەفارە و ئامێرانە لەسەر تێچووی قائیمقامیەت لە ناو بازاڕ بەکرێ گیراون و ئەو کارەیان پێکردووە.
سەبارەت بە دیواردانان و بەرزکردنەوەی بەربەستەکانی بەردەم تونێلەکە، سلێمان محەمەد وتی، “بەڕاستی ئەوە لە توانای ئێمەدا نییە و داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بودجەی بۆ دابین بکات و کاری تێدا بکرێت”.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 3.11.2024 دوای بارینی بارانی بەلێزمە، بەشێک لە شاخی سەر تونێلی دەربەندیخان داڕما و بۆ چەند کاتژمێرێک رێگای ناو تونێلەکەی داخست، دواتر سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی دەربەندیخان سەردانی شوێنەکەیان کردووە و هەوڵیانداوە چارەسەرێکی کاتیی بۆ بدۆزنەوە.