پارێزگار: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێنه‌وه
دۆمبەڵەچییەكانی دهۆک گردبوونەوە و داوای کردنەوەی شوێنەکانیان دەکەن
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
له دهۆك، خاوەن ئه‌و شوێنانه‌ی یاریی دۆمبەڵەى تێدا ده‌كرێت گردبوونه‌وه، داوایان كرد شوێنه‌كانیان بكرێته‌وه، ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى له ماوه‌ى رابردوودا ئه‌و شوێنانه‌یان داخرابوو.
نزیکەی ساڵێکە، بە بڕیاری فەرمی و بڕیاری دادگا هەموو شوێنەکانی یاریی دۆمبەڵەكردن له پارێزگاى دهۆك قەدەغەکراون.
چەند رۆژێکە لە سۆشیاڵ میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنى سنوورى پارێزگاى دهۆك، دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوه‌ته‌وه کە شوێنه‌كانى یاریی دۆمبەڵە بە چەند رێنمایەکی نوێ دەکرێنەوە، بەڵام پارێزگاری دهۆک رەتیكردەوە جارێکی دیكه ئەو شوێنانە بکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2024.11.5 ، زیاتر لە 20 خولەک خاوەنی شوێنەکانی یاریی دۆمبەڵە كه ژماره‌یان زیاتر له 40 كه‌س بوو لەناو بازاڕی دهۆک گردبوونه‌وه‌یان ئەنجام دا، یه‌كێك له خاوه‌نى ئه‌م شوێنانه به 964ـى وت، نزیكه‌ى ساڵێكه شوێنه‌كانیان داخراوه و داوایكرد به‌پێی رێنمایی نوێ بۆیان بكرێته‌وه.
ئه‌م، نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێت و وتیشی، “ئەمڕۆ پارێزگارى دهۆک دەڵێت بەهیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م شوێنانه ناکرێنەوە، بۆیه داوا لەلایەن پەیوەندیداره‌كان دەکەین کێشەکەمان چارەسەر بکەن”.
لە گردبوونەوەکە، گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، خاوەن شوێنه‌كان هێرشیان کردە سەر چەند رۆژنامەوانێک و ئێستا گردبوونەوەکە گوازراوه‌تەوە ناو پارکی نەورۆز لە بازاڕی دهۆک و به‌رده‌وامیشن له گردبوونه‌وه‌كه‌یان.
پێشتر هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک به 964ـى راگه‌یاند بوو، بڕیارى داخستنى شوێنه‌كانى یاریى دۆمبه‌ڵكردن لە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیاندایه، بۆیه ته‌واوى ئه‌و شوێنانه داده‌خرێن.
وتبووشی “ئه‌و شوێنانه‌ى دۆمبه‌ڵه‌ى تێدا ده‌كرێت خاوه‌نه‌كه‌ى ده‌توانێت بیگۆڕێت به پیشه‌یه‌كی دیكه”.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه 964 له پۆلیسی گشتیى دهۆك وه‌ریگرتووه، له‌ناو سه‌نته‌رى دهۆك نزیكه‌ى 20 شوێنى دۆمبه‌ڵه‌كردن هه‌یه، له قه‌زاكانى سیمیل و شێخانیش به‌هه‌مان شێوه له‌هه‌ندێك شوێن ئه‌و یارییه ده‌كرێت.
دۆمبەڵە یارییەکە لەسەر کاغەزێکی چاپکراو دەکرێت و جۆرێکە لە قومارکردن و زیاتر لە کافیتریاکان دەکرێت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن