کەرکوک
فەرمانبەرانی کارەبا هەڕەشە لە وەزیری کارەبا دەدەن
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
فەرمانبەرانی گرێبەستی کارەبا لە سەرتاسەری عێراق مانیان گرتووە و چیتر پارەی کارەبای ماڵان لە هاوڵاتیان وەرناگرن، بە وتەی خۆیان ژمارەیان زیاتر لە حەوت هەزار فەرمانبەرن و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 5.11.2024 فەرمانبەرانی کۆکردنەی پارەی کارەبای ماڵان دەستیان بە خۆپیشاندان و مانگرتن لە کارکردن کرد و مۆڵەتی چوار رۆژیان بە وەزیری کارەبای عێراق داوە کێشەکەیان چارەسەر بکات، ئەگەرنا لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژ تۆمار دەکەن.
عەلی بەکر فەرمانبەری گرێبەستی کارەبا بە 964ـی وت، لە ساڵی 2022 بەڵێنمان پێ درا بکرێن بە هەمیشەیی، بەڵام تا ئێستا نەکراوە ، لە دوایین کۆبوونەوەیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی ئەوان ئەو فەرمانبەرانەیان دامەزراندووە بە هەمیشەیی، بەڵام راست نییە و تاکو ئێستا هەر گرێبەستین.
وتیشی، سەردانی وەزیری کارەبامان کرد و داوای مۆڵەتی چوار رۆژی لێمان کردووە کێشەکە چارەسەر بکات.
“دوای چوار رۆژەکە چارەسەری نەکات لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لە دژی وەزیری کارەبا تۆمار دەکەین”، عەلی بەكر وای وت.
وتیشی، لەکەرکوک ژمارەدان 352 فەرمانبەرە و لە عیراق حەوت هەزار و 29 فەرمانبەرن، سەرتاسەری عیراق ئەمڕۆ مانیان گرتووە و چیتر پارەی کارەبای ماڵان وەرناگرن.
964 پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەبا و بەرپرسی راگەیاندنی کارەبای کەرکوک کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.
سەرچاوەیەک لە بەشی ژمێریاری فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبا بە 964ـی وت، کێشەی ئەو فەرمانبەرانە لای خودی وەزیری کارەبایە و پێویستە بەدوایدا بچێت، کێشەکە سەرتاسەری عێراقە نەک تەنیا فەرمانبەرانی کەرکوک.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا