کشتوکاڵی ناوچەکان باسی دەکەن
لە گەرمیان چەند قاتى پار و لە پێنجوێنیش دوو ئەوەندە، باران باریوە
964+
کامیار کەمال
لە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان چەند قاتى پار ساڵ و لە پێنجوێن دوو هێندەی پارساڵ، تا دوێنێ 3.11.2024 باران باریووە، ئەوەش بەپێی بەشی کەشناسی کشتوکاڵی ئەو ناوچانە.
بە نموونە لە کەلار پارساڵ تا 3.11.2023 تەنیا، 7.2 باران باریوە، بەڵام ئەمساڵ تا هەمان بەروار 103.5 ملیمەتر باران باریوە، هەروەها لە کفری، مەیدان، پێباز و خانەقین چەند هێندەی پارساڵ باران باریوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە لە پێنجوێن دوو هێندە باران باریوە، بەهادین حەسەن لێپرسراوی کەشناسی قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، ئەمساڵ لە مانگی ئەیلولدا باران بارین دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆ 4.11.2024، بە دیاریکراوی 110.7 ملیم باران باریوە.
وتیشی، بارانی 24 کاتژمێری رابردوو رێژەکەی 72.4ملیم بووە و بارانیش قەزاکەی وەک ناوچەکانی دیکە نەگرتۆتەوە، هەروەک ساڵی رابردوو لە یەکەم رۆژی تشرینی یەکەم باران بارین دەستی پێکردووە و تا ئەم بەروارە، 53.2 ملیم باران باریوە و بەوەش ئەمساڵ باران بارین دوو هێندەی ساڵی رابردووە.