لە هەژماری من
بانکی TBI دەست بە تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
بانکی بازرگانی عێراق ناسراو بە TBI، واژۆکردنی گرێبەستێک لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هەژماری من بۆ تەوتینکردن و کردنەوەی هەژمار بانکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند.
بانکەکە دەڵێت، کارەکە لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من و گرێبەستێک لە نێوان بانکەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
بانکی بازرگانی عێراق TBI، لە راگەیەندراوێک لە پێگەی خۆی ئەوەشی نوسیووە، بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بە پشت بەستن بە رێنماییەکانی، سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەبارەت بە پێویستی بەشداری بانکی بازرگانی عێراق لە پڕۆسەی تەوتین کردنی موچەی فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان بووە.
جگە لە بانکی بازرگانی عێراق TBI، هەریەک لە بانکەکانی ئاڕ تی بانک. بانکی جیهان، بانکی بەغدا، بانکی BBAC، بانکی ئیسلامی عێراق، بانکی IDB و بانکی نیشتمانی عێراق بەشداری پڕۆژەی هەژماری من – یان کردووە.
هەژماری من لە نوێترین ئاماریدا رایگەیاندووە، زیاتر لە 700 هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و پرۆسەی تۆمارکردنەکەش بەردەوامە، هەروەها 300 هەزار کارتی بانکی دراوەتەوە بە فەرمانبەران و مووچەکانیان لە رێگەی کارتە بانکییەکانەوە وەردەگرن.
تاوەکو ئێستا 250 ئەی تی ئێم ‘ئامێری راکێشانی پارە’ لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دانراون و بڕیارە ژمارەی ئەی تی ئێمەکان، زیاتر بکرێن بۆ سەروو 1000 دانە، تا فەرمانبەران بە ئاسانی موچەکانیان وەربگرن.