جارێکى تر گرژى دروستبوو
عەرەبى هاوردە یەخەى جوتیارانى کورد بەرنادەن
964+
سیروان خورشید -دوزخوماتوو
عەرەبى هاوردە واز لە جوتیارانى کورد ناهێنن، ئەمڕۆش جارێکى دیکە لە گوندى تەپە سەوزى سنوورى خورماتوو، گرژى لە نێوانیان دروستبوو، ئەوەش دواى ئەوەى ژمارەیەک عەرەبى هاوردە چوونەتە سەر جوتیارانى گوندەکە و ئەوانیش رووبەڕوویان بوونەتەوە.
ئەحمەد جومعە، نوێنەری جوتیارانی تەپەسەوز بە 964ـی وت، هەمو هەفتەیەک جوتیارە عەرەبەکان دێنە سەرمان و بە نیازی ئەوەن زەوییەکانمان لێ داگیربکەن، بەڵام لەلایەن جوتیاران ودانشتوانی گوندەکەوە رێگریان لێدەکرێت، ئەمڕۆش جارێکی تر زیاتر لە 30 کەس لە عەرەبى هاوردە، کەهێزێکی ئەمنیشیان لە گەڵدا بووە، هاتنە سەر گوندەکە”.
” لەلایەن عەرەبی هاوردە، هەڕەشە لەدانیشوانی گوندەکەمان کراوە و پێمان وتراوە دەبێت زەوییەکانمان جێبهێڵین، بە پێچەوانەوە کارى خراپمان بەسەر دێنن”، نوێنەرى جوتیارانى تەپەسەوز واى وت.
هۆشداریش دەدات، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت و چارەسەر نەکرێت، مەترسى شەڕوو ئاڵۆزى هەیە.
جەختیش دەکاتەوە، زەوییەکان هى جوتیارانى کوردن، لە ساڵى 1993 کاتێک لەلایەن رژێمى بەعسەوە بە زۆرەملێى لەسەر زەوییەکانیان دەرکران، عەرەبى هاوردە دەستیان بەسەر زەوییەکانیاندا گرتن کە بە گشتى یەک هەزار و 500 دۆنمە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح