پارتی: تا حەشد و سوپا لەناو شاردا بن ناگەڕێینەوە كەركوك
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت دەمانەوێت بە شكۆوە بگەڕێینەوە كەركوك و خۆمان خۆمان بپارێزین
محەمەد كەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك بە تۆڕی 964ی راگەیاند ”هەندێك رێككەوتن كراوە بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك، بەڵام تا ئێستا دیارنییە كەی دەگەڕێینەوە بۆ ئەو شارە.
چەند بارەگایەكمان لە كەركوك وەرگرتوەتەوە بەڵام پرسی پارتی لە كەركوك وەرگرتنەوەی بارەگا نییە بەڵكو دەمانەوێت بە شكۆوە بگەڕێینەوە كەركوك و خۆمان خۆمان بیپارێزین نامانەوێت هیچ هێزێكی دیكە ئێمە بپارێزێت، محەمەد كەمال وای وت.
پرسیارمان لە بەرپرسی لقی سێ كرد ئایا هیچ مەرجێكتان بۆ گەڕانەوە بۆ كەركوك هەیە؟
ئەو وتی ”مەرجی گەڕانەوەمان بۆ كەركوك ئەوەیە كە سوپا و حەشدی شەعبی لە ناو شارەكەدا نەمێنن و بچنە ئەو دیو سنورەكانی كەی وەن”.
كەی وەن، بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا بوو لە نزیك كەركوك و تەنها چوار كیلۆمەتر لەشارەكەوە دوورە.
پارتی حەوت بارەگای لە شاری كەركوك هەبوو، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە چۆڵكراون و تا ئێستا هیچكام لە بارەگاكان وەرنەگیراونەتەوە.
بەقسەی بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركوك، ئەوان كۆنترین حزبی عێراقن، بۆیان هەیە لە هەموو شارەكانی عێراقدا بارەگایان هەبێت و خۆشیان خۆیان بپارێزن، كێشەیان لەگەڵ هیچ حزبێكدا نیە دەیانەوێت یاسا لە كەركوكیش وەك هەموو عێراق سەروەربێت.