زانکۆی سلێمانی بیانییەکان فێری زمانی کوردی دەکات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە رێگەی پڕۆگرامێکەوە کۆرسی فێربوونی کوردی بۆ ئەو فێرخوازە بیانییانە دەکەنەوە، کە دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن، کۆرسەکان بە شێوازی ئۆنلاین و ناو هۆڵیش دەوترێنەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت، بیرۆکەی کارەکە هی ساڵی 2015ـیە، بەڵام کۆتایی ساڵی رابردوو پرۆگرامەکە لە رێگەی دانان و چاپکردنی کتێبی “شاڕێ”ـەوە بە تەواوی راگەیەندرا.

بێستوون عەزیز، ئەندامی پڕۆگرمی شاڕێ و مامۆستای زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: ئەو کۆرسانە ئارەزوومەندانەن، لە رێگەی پەیوەندییەکانمانەوە هەوڵێ فێرکردنی زمانی کوردی دەدەین بۆ هەر بیانییەک مەبەستی بێت.

دەشڵێت؛ پێشتر ئەزموونەکە تاقی کراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە، دوو فێرخوازی تورک و چەند خوێندکارێکی عەرەب لەرێگەی ئەو پڕۆگرامەوە ئێستا بە زمانی کوردی قسەدەکەن.

وتنەوەی وانەکانی فێربوونی زمان بە شێوەی ئۆنلاین و ناوهۆڵیش بەردەستە و کارەکەش خۆبەخشانەیە.

“ئەو پڕۆگرامەی داندراوە ئاسانکاری زیاتر بۆ فێربوون دەکات، چونکە پێش کتێبی شاڕێ شتێکی دیاریکراومان نەبوو، بەڵام ئێستا کارەکە رێکخراوترە”، بێستوون عەزیز وای وت.