بەرەو كۆشكی سپی

رەنگە “خاڵە شینەكە” چارەنووسی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دیاریی بکات

964+

توانا نەقی  – واشنتن

سیستمە سەیر و تایبەتەکەی ویلایەتی نیبراسکا، دەشێت قسەی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە ركابەریی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەمریكا.

ویلایەتەكە هەرچەندە لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان نییە، بەڵام چاوی هەموو میدیاکانی ئەمریکای چووەتە سەر.

نبراسکا و مەین تاکە دوو ویلایەتن، کە دەنگەکانی ئەنجومەنی هەڵبژاردن بۆ یەک پاڵێوراو ناڕۆن، بەڵکو دابەش دەبن بەسەریاندا.

بنراسکا پێنج دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژاردنی هەیە و لە سێ بازنە پێکهاتووە، هەر بازنەیەكی دەنگێکی هەیە و ئەوەی لەسەر ئاستی ویلایەتەکەش بردییەوە، دوو دەنگی زیادە بۆ خۆی دەبات.

ئەگەر لە دەنگەکانی ئەنجومەنی هەڵبژاردن هەردوو کاندیدەکە یەکسان بوون و 269 بە 269 دەنگ بوون، ئەوا (خاڵە شینەکە) هەموو شتێک یەکلایی دەکاتەوە.

شاری ئۆماهای لە ناو ویلایەتێکدایە، کە هەموو دەوروبەرەکەی کۆمارین، تاکە شارە کە بۆ دیموکراتەکان دەڕوات، هەر بۆیە ناویان ناوە خاڵە شینەکە لەناو دەریایەکی سووردا، شین هێمایە بۆ رەنگی دیموکراتەکان.

دانیشتوانی نبراسکا 1.9 ملیۆن کەسن، زۆربەی زۆریان بە رەچەڵەک ئەوروپین، لەناو ئەوانەدا شاری ئۆماها هەیە، کە 480 هەزار دەنگی ویلایەتەکە پێک دەهێنن و قسەی کۆتایی دەکەن.

ئەگەر سیناریۆیەک بێتە پێشەوە، کامالا ویلایەتە خۆڵەمێشییەکانی (میشیگان، پەنسلڤانیا و ویسکۆنسن) بباتەوە و  لە بەرامبەردا ترەمپ ویلایەتە خۆڵەمێشییەکانی (ئەریزۆنا، جۆرجیا، نیڤادا و نۆرس کارۆلینا) بباتەوە، ئەوا ژمارەی دەنگەکانیان دەبێتە 269 بەرامبەر بە 268 لە بەرژەوەندی کامالا، لەم کاتەدا ئۆماها فریای کامالا دەکەوێت و بەو تاکە دەنگە دەیکاتە سەرۆک.

ئەم هەڵبژاردنە خەڵکی ئۆماها لە هەموو هەڵبژاردنێک گەرموگوڕترن، وەک شانازییەک خاڵی شین لەسەر پۆستەر و تیشێرت و دارودیوار دروست دەکەن و بە گەرموگوڕییەوە دەچنە دەنگدان.

بۆیە لەناو سیستمە ئاڵۆزەکەی هەڵبژاردنی ئەمریکادا، دەشێت ئەم تاکە شارە بڕیار بدات کێ چوار ساڵی دیکە ئەمریکا و جیهان بەڕێوەدەبات.

هەڵبژاردنی ئەمریكا نزیكە و ترەمپیش هەرای ناوەتەوە

هەڵبژاردنی ئەمریكا نزیكە و ترەمپیش هەرای ناوەتەوە