رووداوێک هۆکار بووە
غازی سوورکردنەوە لەناو کەپرەکانی فێستیڤاڵی هەنار قەدەغە کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بە گوێرەی ئەو دیمەنەی دەست 964 کەوتووە، لە یەکێک لە کەپرەکانی فێستیڤاڵ بەهۆی سوورکردنەوەی خواردن، ئاگر دەکەوێتەوە.
خەڵک شپرزە دەبن و دێن و دەچن، کابرای خاوەن کار لە هەوڵی ئەوەدایە ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، کە بڵێسەی فراوان بوو لێ دەدات.
کەوتنەوەی ئەو ئاگرە لەناو کەپرەکان، وا لە لیژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی پایز و هەناری هەڵەبجە دەکات، دانانی غاز و سوورکردنەوەی خواردن بە بڕیارێک بخەنە دەرەوەی کەپرەکان، 964 سۆراغی ئەو بابەتەی کرد و قسەی لەگەڵ سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە کرد.
دەرکەوت رووداوەکە، زیانی مادی بەر شوێنکاری کابرای خاوەن دوکان گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە ئەنجامی ئاگری کەپرەکە نەکەوتووەتەوە، لە کاریگەری ئەو رووداوە، بڕیاری دورخستنەوەی غاز و تەباخی سوورکردنەوە دراوە بۆ دەرەوەی کەپرەکان.
دوێنی پێنجشەممە 31.10.2024، یەکەم رۆژی دەیەمین فێستیڤاڵی پایز و هەناری هەڵەبجە بوو، سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بەرپرسانی خۆجێی و گەشتوگوزار بە تایبەت، پێشبینی چوونی نزیکەی 300 هەزار گەشتیاری ناوخۆی شارەکە و دەرەوە دەکەن بۆ لایان.